وه‌زیری خوێندنی باڵا: ساڵانه 100 ملیۆن دۆلار ب |
|

د.دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌دین ئاشكرای ده‌كات كه ساڵانه 100 ملیۆن دۆلار له بودجه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ناردنه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خوێندكاران و قوتابیان ته‌رخانكراوه، به‌پێویستیشی ده‌زانێ كه مامۆستایان هاوشانی قوتابی و خوێندكاره‌كان بنێردرێنه ده‌ره‌وه بۆ ئاشنابوون به‌زانكۆی وڵاتان و وه‌رگرتنی راهێنانی زانستی به‌سوود.
د.دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌دین به‌ئاماده‌بوونی د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌سه‌نته‌ری رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م راگر و سه‌رۆك به‌شی كۆلیژه‌كانی سه‌ر به‌زانكۆی سه‌لاحه‌ددین كۆبۆوه.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه له‌وته‌یه‌كدا سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین باسی له رۆڵی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین كرد له‌مه‌یدانی گرنگیدان به‌زانست و ده‌ست نیشانكردنی رێگاكانی خه‌باتی ئه‌كادیمی و پێگه‌یاندنی خوێندكاران و قوتابیان، دواتر تیشکی خسته‌سه‌ر كار‌و چالاكی و پڕۆژه‌كانی ئێستا و داهاتووی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، دواتر چه‌ندان پێشنیاز و راسپارده‌ی به وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی راگه‌یاند.
له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌ی به گرنگی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه كرد و سه‌رجه‌م ئاماده‌بووانی به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ سیاسه‌ت و روانگه‌ی داهاتووی وه‌زاره‌ت وه‌سف كرد، كه زیاتر ته‌وه‌ره‌كانی سه‌ربه‌خۆكردنی زانكۆكان و ئازادی ئه‌كادیمی و كارگێریی زانكۆ و دام‌و ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا و شۆڕكردنه‌وه و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ سه‌رجه‌م زانكۆ و كۆلیژه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها له ئاماژه‌یه‌كیشدا ئاشكرای كرد كه له پلانی وه‌زاره‌تدایه بۆ هێنانه‌كایه‌ی لامه‌ركه‌زی كارگێڕی، ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمیانه به‌هه‌ماهه‌نگی هه‌موو لایه‌ك كاری بۆ بكه‌ین.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌گرنگیه‌وه ئاماژه‌ی به‌لایه‌نێكی دیكه‌ی سیاسه‌ت و میكانیزمی ئێستا و داهاتووی وه‌زاره‌ت كرد كه بریتیه له دڵنیایی جۆری، واته باشتركردنی جۆرایه‌تی پرۆسه‌ی خوێندن و به‌رزكردنه‌وه‌ی سیسته‌می فێربوون له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌جۆرێك كه سه‌ر له‌نوێ سیسته‌می زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێم له‌سه‌ر كاغه‌زێكی سپییه‌وه دابڕێژینه‌وه.
هه‌ر له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵا میكانیزمی ته‌رخانكردنی بڕی سه‌د ملیۆن دۆلار بودجه‌ی ساڵانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی خوێندكاران و قوتابیانی بۆ ئاماده‌بووان دووپات كرده‌وه و گوتی: له‌دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا پرۆسه‌كه راده‌گه‌یه‌نین هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت: مامۆستایان وه‌ك چینێكی ماندوونه‌ناس هاوشانی قوتابی و خوێندكاره‌كان پێویسته بنێردرێنه ده‌ره‌وه به‌مه‌به‌ستی ئاشنابوون به زانكۆكانی ده‌ره‌وه و وه‌رگرتنی راهێنانی زانستی به‌سوود.
|
|
|
|